حیزبی سیاسی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-10-11:20:00 - کۆدی بابەت: 1221
حیزبی سیاسی

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی حزبی سیاسی

زۆر پێناس هاتووە بۆ حزب، هەر مەدرەسە و ڕێباز و ئایدۆلۆژیەک بەدیدە جیهانییەکانی بۆ کێشەکانی کۆمەڵ پێناسەکانی داڕشتووە، بەڵام هەمووی کۆکن کە بەرهەمی چالاکی فکریە. دەتوانین بڵێین حزب بریتییە لە:
(یەکگرتنی ئارەزوومەندانەی کۆمەڵە خەڵکێکی هاوبڕوایە، لە پێناو چەند ئامانجێکی هاوبەشی دوور و نزیک)، بناغەکەی لە گرێبەندی فکری و سیاسی یەوە دێت.
  چەند پێناسەیەکی جیاجیای تر تۆمار دەکەین کە هەریەکە گوزارش لە مەدرەسەیەک دەکات بە تایبەتی مەدرەسەی لیبرالی دیمۆکراسی ڕۆژئاوای ئێستا:
  ١- پێناسی دۆڤرجە (خاوەنی کتێبی الاحزاب السیاسیە): حزب بریتییە لە کۆمەڵە خەڵکێکی یەکگرتوو لەسەر بنچینەی سیستەمێك.
  ٢- پێناسی فرانسۆ گۆجیل: ئەو کۆمەڵە خەڵکە ڕێکخراوەن، بەشدارن لە ژیانی سیاسی کردن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات یان بەشێک لێی.
  ٣- بۆدرو: بەوانە دەوترێ حزب کە هاوبیری سیاسی بن و بیانەوێ دەست بەسەر دەسەڵات بگرن یان کار لە بڕیارەکانیان بکەن.
  ٤- فەرهەنگی ئۆکسفۆرد: ڕێکخراوێکی سیاسیە، هاوبەشن لە بڕوا و ئامانج و دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان.
  ٥- زۆربەی فەرگەنگە باڵاکانی عەرەبیش لە ژێر کاریگەری فەرهەنگی ڕۆژئاوایی توخمەکانی (دەسەڵات، یەکێتی، هەڵبژاردن) یان کردۆتە بنچینەی حزب، لەوانە (موسوعة العلم الإجتماعي)، ( موسوعة السیاسة المیسرة)، (قاموس سیاسي)...
  ٦- هەرچی پێناسی چەپیەکانە ئەوا زۆر ڕاشکاوانە توخمی (دیکتارۆی پرۆلیتاری) دەخەنە ناوی پیناسەکانیان کە لە دوایدا تەنها (دکتاتۆریەکە) بێ (پرۆلیتاریە) بووە نەریتی سیاسی و دەستوری وڵاتەکانیان.
  ٧- نامۆترین پێناس لە بارەی حزب پێناسی (حزبی بەعس)ە لە فەرهەنگەکەیان (تعریفات ببعض المصطلحات) هاتووە: حزب بریتییە لە کۆبوونەوەی خەڵکانێک لە نیو بەرنامەیەک بۆ دەست بەسەراگرتنی دەسەڵات و ڕاپەڕاندنی دەوڵەت بەپێی ئەو بەرنامەیە بۆ هێنانەدی ئاماجەکانی.
  زۆربەی حزبە نەتەوەگەریەکان پێناس و سروشتێکی وەک ئەو پێناسەی حزبی بەعسیان هەبووە، بەشی هەرەزۆری حزبە کورستانیەکانیش بە پێناسی مارکسیانە و نەتەوەگەریانە کاریگەر بووینە.
  هەرچی پێناسە کۆنەکانە زیاتر لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی ئیسلامی بووە، ئەوا زۆربەی حزب بە (کۆمەڵە خەڵکێک) ناوبردووە، لەوانە (قاموس المحیط)ـی فیروز ئابادی، هەروەها ابن اعرابی (حزب)ــی یەکسان کردووە بە (جماعە)، هەرچی (لسان العرب)ـە دەلێ: (حزب جماعە من الناس، علی قوم تشاکلت قلوبهم و اعمالهم فهم احزاب) لەو سەردەمی بەو کۆمەڵە خەڵکە وتراوە کە بۆ ئیشێک وا ئامادەن نەک مانای ڕەچەڵەکی و نەتەوەیی هەبێ.
  لە نێو عوسمانیش بەپێی یاسای (الجمعیات) کە لە ٣/٨/١٩٠٩ دەرچوو لە مادەی (٣) وای پێناس کردووە: جەمعیەت ئەو کۆمەڵە کەسانەن کە بە هەمیشەیی یەکیان گرتووە بۆ یەکخستنی زانیارییەکانیان بێ ئەوەی مەبەستیان قازانج دابەش کردن بێت.
ئەوەی ڕوونە چەند توخم و بنچینەیەکی جیا جیا هەیە تاک تاک و پێکەوە دەبنە بنەمای حیزبی، وەک:
  ١- بەرژەوەندی چینایەتی و زیاتر ئێستا بەرژەوەندی تایبەتییە، لەسەر شێوەی یەکدەنگی هەڵبژاردن بۆ دەزگا سیاسی و دەسەڵاتەکان.
  ٢- پایەوپوو، وەک حزبە دەسەڵاتدار و دیکتاتۆرەکان.
  ٣- بەرگری لە خۆ، وەک ململانێی نەتەوە و نەژادە جیاجیاکان.
٤- بیروباوەڕ، وەک حزبە ئیسلامییەکان و حزبە مارکسیەکان و هەندێ حزبی ڕادیکاڵی تر.
  کەواتە توخمەکانی (بەرژەوەندی، ئیمتیاز، بەرگری، بیروباوەڕ) بە ڕێژەی جیاجیا ناسنامەی هەر حزبێک دیاری دەکەن.
  وەک دەردەکەوێت ئەو ئامانج و بنچینانە هەمووی پۆزەتیڤ و خێر نییە، هەروەک یەکگرتن (التعاون) هەیە لەسەر خێرە، هەشە لەسەر شەڕ ((و تعاونوا علی البر والتقوی ولا تعاونوا علی الإثم والعدوان)) لەسەر ئەو بنچینەیە پەیدابوونی حیزبی سیاسی پێشکەین و وەرچەرخانێکی مێژوویی ئادەمیزاد لە ئینتیمای بایۆلۆجی میراتی- ستونی بۆ ئینتیمای ئاییۆلۆژی- ئاسۆیی، بەڵام کاروانی (خێر و شەڕ)، (سەلبیات و ئیجابیات)، (ڕەنجدەر و ڕەنجبەر)، (داگیرکەر و ڕزگاریخواز)، (هەق و ناهەق)... بە جمکی دەهێنێ، بۆیە لەگەڵ پەیدابوونی یەک شێوە نییە، چەندین جۆرە.


سەرچاوەکان



1370 بینین